ئایە پلانەکەی سانۆس سەرکەوتووە؟ یان گەمژانەیە؟

9/17/2018 09:16:00 م
ئاگەداربە: ئەم بابەتەی دەیخوێنیتەوە سپۆیلی تێدایە.



Lady Death یان خاتوونی مردن: خۆشەویستەکەی سانۆس لە کۆمیکەکان.
کارەکتەری سانۆس، لە فیلمی Avengers: The Infinity War کارەکتەرێکی ئاڵۆزە، کە قووڵی فیلمە سوپەرهیرۆیە نوێیەکان دەردەخات. کە تەنها جەنگی نێوان خراپە و چاکە نییە، بەڵکو زیاتر بەرەو شەڕی ئایدۆلۆژی لادەدات.  هەرچەند پاڵنەری سەرەکی سانۆس لە کۆمیکەکان جیاوازە لەوەی فیلمەکە. سانۆس لە کۆمەکیکەکان بۆ سەرنج ڕاکێشانی خۆشەویستەکەی کە "خاتوونی مردن"ـە، دەست دەکات بە کوشتنی نیوەی خەڵکی گەردوون. هەرچەندە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەمەیان مانادارترە کەچی لە فیلمەکە چیرۆکەکە بە شێوەیەکی ترە، سانۆس پێی وایە کە دانیشتوانی گەردوون ژمارەیان زۆرە بۆیە ئەو سەرچاوانەی لە گەردوون هەیە بەشی زۆر ناکات و کاتێک دێت کە خەڵکی هیچ داهاتێکیان نابێت لەسەری بژین.


بێگومان مەسەلەکە هەر ئەوەندە سادە نەبووە، سەرەتا ئەو هەسارەیەی کە سانۆس لێی ژیاو (تایتان) بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانەکەیەوە تووشی کێشە هاتووە و لەناوچووە. بۆیە بڕیاری داوە کە گەردوون پێویستی بە هاوسەنگییە. دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان ژیان و مردن هەبێت، ئەگەر لە پێشکەوتن بەردەوام بین ئەوکات خەڵکانێکی کەمتر دەمرن و بەمجۆرە دانیشتوان زۆر زیاد دەکەن و نا هاوسەنگی دروست دەکات. بۆیە بڕیاری داوە کە ئەو ببێت بەو کەسەی کە هاوسەنگی ڕادەگرێت، جار نا جارێک نیوەی گەردوون دەکوژێت بەمەش گەردوون دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زیاتر بەردەوام ببێت. بەڵام ئایە ئەمە بە تەنها بەسە بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی؟ ئایە ئەمە تاکە ڕێگەیە؟!

بۆچی دروست ناکەیت لە جیاتی کوشتن؟

سانۆس دوای ئەوەی دەستەوانەی بێپایانی دەست کەوت (Infinity Gauntlet)، و دوای ئەوەی کە توانی هەموو بەردە بێپایانەکان کۆبکاتەوە، توانی بە یەک چەقەنە نیوەی خەڵکی گەردوون بکوژێت! ڕاستییەکەی ئەو کەسانە هەر وا نەمردن، بەڵکو بوونیان نەما و بوون بە تۆز، مردنێکی بێ ئازار. بەڵام بۆ پاراستنی هاوسەنگی نەیدەتوانی کە سەرچاوەی نوێ دروست بکات بۆ گەردوون بۆ لە جیاتی ئەوەی بکوژێت؟ دەتوانی بڕێکی بێشومار لە سەرچاوەی سروشتی دروست بکات. بەڵام بۆ وای نەکرد؟ ئایە گەمژە بوو؟
راستییەکەی هەر وا سادە نییە، دروستکردنی کەرەستەی تازە بۆ ئەوەی خەڵکی لەسەری بژین دەبێت هۆی ئەوەی دانیشتوان ئەوەندەی تر زیاد بکات، واتە ڕێژەی زیاد بوونی دانیشتوان خێراتر دەبێت. بەم شێوەیە ئەگەر گەردوون دوو هێندەش بکات، ئەوە لە ماوەیەکی کەمتر سەرچاوەکانی تەواو دەبن وەک لەوەی نیوەی خەڵکیەکەی لەناوببات. بە لەناوبردنی نیوەی خەڵکەکە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی دووبارە زیاد بکەن و بتوانن سەرچاوەکان کەمتر بکەن.
جگە لەوەش، کی دەڵێت دەسەتەوانەکەی توانای ئەوەی هەیە؟ لەوەیە توانای لە لەناوبردندا زۆر باشتر بێت لە دروستکردندا. کەوایە بە جۆرێک ناتوانین لۆمەی سانۆس بکەین بۆ کردنی ئەم کارە. لەڕوانگەی ئەوەوە، ئەوەی دەیکات خراپەکارییەکی پێویستە کە دەبێت ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورە، ئەو لە ڕووانگەی خۆیەوە جۆرێکە لە پاڵەوان. سانۆس تەنانەت ئامادە بوو خۆی یەکێک بێت لەو نیوەیەی کە لەناودەبرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەی! ئەو کچە خۆشەویستەکەی خۆیی کوشت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، هاوسەنگی گەردوونی! 

لەڕاستیدا، پێشکەوتنی وڵاتێک مانای زۆربوونی دانیشتوان نادات!

لە ژیانی واقعیدا، پێشکەوتنی وڵات راستە دەبێت هۆی کەمبوونەوەی مردن بەهۆی نەخۆشی و هۆکارە سروشتییەکانەوە، بەڵام خەڵکی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەشێوەیەکی سروشتی خۆیان بڕیار دەدەن کە منداڵیان کەمتر بێت لە چاو وڵاتەکانی جیهانی سێیەم. واتە گەر لەم دۆخەدا خەڵکی سۆماڵ منداڵیان زۆر دەبێت لە چاو ویلایەتە یەکگرتووەکان بە نموونە، ئەگەر سۆماڵ ڕۆژێک پێشبکەوێت ئەوا بەشێوەیەکی گشتی خەڵکەکە بەبی زۆرلێکردن منداڵیان کەمتر دەبێت. هەرچەند هەندێک وڵاتی وەک چین، بڕیاری یەک منداڵیان هەیە، واتە هەر خێزانێک ناچارە تەنها یەک منداڵ زیاتریان نەبێت، ئەمەش لەبەر کەمکردنەوەی دانیشتوان. بێگومان دەبێت هەر خێزانێک لە دوو منداڵ زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی دانیشتوان بەرەو زیاتربوون بروات.
دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، کوشتنی خەلکی هەرگیز هەڵبژاردەیەک نییە بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، هەر بۆیە پاڵەوانانی Infinity War بەرامبەری سانۆس وەستانەوە، هەرچەندە لە کۆتاییشدا شکستیان هێنا!

رای تۆ چییە لەسەر بابەتەکە؟ لە کۆمێنت پێمان بڵێ.

نووسینی: بروا حسێن

بەشداری پێکردنی بابەت

بابەتی پەیوەندیدار

سەرنجی تۆ چیە؟؟ ئیمۆجیەکان شاردنەوە