تایبەتمەندییەکانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ

9/15/2018 01:08:00 ص

ئەپڵ سێ ئایفۆنی نوێی ڕاگەیاند iPhone XS و iPhone XS MAX و iPhone XR، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمهێنانی iPhone Xی ڕاوەستاند. نرخی ئەم ئایفۆنە نوێیەنا بەڕاستی گرانە و ئەمجارە ئەپڵ وەکو جاری پێشوو نرخەکانی بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزکردۆتەوە! خوێنەری ئەم بابەتەبن بۆ ئەوەی وردەکاری تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەم ئایفۆنانە بزانن.
لەلای ڕاستەوە: iPhone XS Max - iPhone XR - iPhone XS

ناونانێکی گەمژانە!

ئەمە ڕای خۆمە، "ئەم ئایفۆنە نوێیانە، گەمژانەترین ناوی ئایفۆنیان هەبووە!". iPhone XS زۆر بچوک نییە وەک ناوەکەی پێشنیاری دەکات! پاشان کێ هێمای ڕۆمانی "X" لەگەڵ پیتی ئینگلیزی "R" بەیەکەوە کۆدەکاتەوە؟! هەر بەڕاست ئەوە مانای چی دەدات؟! ئەی بۆچی iPhone XS Max بەهەمان شێوەی پیتی Sی پێوەیە؟! تەنها بیری لێبکەوە چەند ناخۆشەبێت بە هاوڕێیەکت بڵێیت "ئایفۆن ئێکس ئێس ماکسم هەیە." بێگومان باسی پۆز لێدانەکەی ناکەین! هەر بەڕاست، X مانای ژمارە 10 نادات؟ کەوایە iPhone XS Max واتە iPhone 10S 10am؟! هاها با واز لەمە بهێنین و بچینە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

iPhone XS و iPhone XS Max

جیاوازی سەرەکی ئەم دوو ئایفۆنە تەنها قەبارەیانە. iPhone XS بە قەبارەی 5.8 inch و بە ڕوونمایەکی 2436x1125 پیکسڵ (458ppi - پیکسڵ بۆ هەر ئینچێک). iPhone XS Maxیش بە قەبارەیەکی زەبەلاحی 6.5 inch کە ڕوونماکەی 2688x1242 پیکسڵ کە هەمان چڕی پیکسڵی هەیە (458ppi). و ڕێژەی شاشە بۆ لاشەی ئەم دوو ئایفۆنە تەنها 82.9% و 84.4%ـە یەک بە دوای یەک. واتە ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزنییە لە کاتێکدا هەندێک مۆبایلی ئەندرۆین ڕێژەی سەروو 90%یان هەیە، چونکە ئەم ئایفۆنانە نۆچێکی (notch) گەورەیان لەسەرەوە هەیە بە هەمان شێوەی iPhone X.

جگە لە قەبارە، ئەم دوو ئایفۆنە هەمان تایبەتمەندییان هەیە - هەردووکیان شاشەیەکی OLED، بە تایبەتمەندی True Tone، کە هەمان چڕی پیکسڵیان هەیە و پشتگیری لە Dolby Vison و HDR10 و 3D touch دەکەن.
هەردووکیان پشتگیری لە IP68 بەرگری ئاوی دەکەن، کە ئەم تایبەتمەندییەیان بەڕاستی بەسوودە. دەتوانیت ئایفۆنەکەت تا قووڵی سێ مەتر لە نێو ئاو بهێڵیتەوە بەبێ ئەوەی تووشی کێشە بێت - لە جیاتی یەک مەتر کە لە ئایفۆنەکانی پێشووتر هەبوو.

دوو SIM!

بەڵێ بەهەڵە نەتخوێندەوە! هەردوو iPhone XS و iPhone XS Max پشتگیری لە دوو سیمکارتی دەکەن. ئەو تایبەتمەندییە سەردەمێکە لە مۆبایلەکانی ئەندرۆید هەیە، ئەپڵ تازە هەستی پێدەکات کە بەکارهێنەرن پێویستیانە! لەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە eSIM (سیمکارتی ئەلیکترۆنی) دەکەن، ئەوا شوێنی یەک سیمکارتی فیزیکی هەیە و لەگەڵ پشتگیری لە eSIM. بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا کە هێشتا زۆربەی کۆمپانیاکانی تێلیکۆم پشتگیری لە eSIM ناکەن، جێگەی دوو سیمکارتی هەیە!

خێرای و قەبارەی بیرگە

هەرسێ ئایفۆنە نوێیەکە بە پرۆسێسەری A12 Bionic Chipی نوێی ئەپڵ کاردەکەن. کە نزیکی 15% خێراترە لەهی پێشوو. هەردوو CPU و GPU خاوەنی 6 ناوکن (Core). هەروەها خاوەنی 4GB بیرگەی ‌هەڕەمەکین RAM. هەروەها لە ڕووی پرۆسێسکردنی وێنەوە ئەوا بەشێوەیەکی بەرچاو خێراتر بووە، بۆیە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر وێنەگرتن. 

کامێرا

هەردوو iPhone XS و iPhone XS Max هەمان کامێرایان هەیە. لەڕووی ڕەقەکاڵاوە ئەمجارە ئەپڵ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی نەکردووە، بەڵام لەڕووی نەرمەکاڵاوە بەهۆی دوواکەوتنی لەچاو ڕکابەرەکانی، ئەپڵ بەرەوپێشبرندێکی بەرچاوی کردووە لەلایەنی سۆفتوێرەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری زۆری هەبیت لەسەر وێناگرتن. کامێرای پشتەوەیان دوو هاوێنەیە کە خاوەنی 12 مێگا پێکسڵە، لەکاتێکدا کامێرای پێشەوە 7 مێگاپێکسڵە. لەبیرمان نەچێت کە iPhone XR خاوەنی کامێرایەکی یەک هاوێنەی 12 مێگاپێکسڵە لە پشتەوە.

iPhone XR

ئەمساڵ iPhone XR مۆبایلە هەرزانەکەی ئەپڵە - تەنها 749$!! و ئەم مۆبایلە چەند تایبەتمەندییەکی کەمترە لەو دووانەی تر بە نرخێکی کەمتر. قەبارەی مامناوەندییە - 6.1 inch. شاشایەکی LED هەیە لە جیاتی OLED کە پیکسڵی کەمترە 1792x828. کامێرای پشتەوەی یەک هاوێنەیە. خاوەنی Touch ID نییە. بێگومان ئەم تایبەتمەندییانە زۆر پشت شکێن نییە دوای ئەوەی دەزانی نرخی ئەو دووانەی تر چەندێکە!

نرخ

بەداخەوە ئەمجارەش ئەپڵ لەڕووی نرخەوە هیچ بەزەیی نەبووە. نرخەکان بەم شێوەیەن:
  • iPhone XS - 64GB ($999), 256GB ($1,149), 512GB ($1,349)
  • iPhone XS Max - 64GB ($1,099), 256GB ($1,249), 512GB ($1,449)
واتە نرخەکان لە 999$ەوە دەست پێدەکەن کە ئەوەش نرخێکی ئێجگار زۆرە. 

ڕای تۆ چییە؟ ئایە پێت وایە ئەپڵ ئەمجارە شایەنی ئەوەیە تاقیبکەیتەوە بەو نرخە زۆرەوە؟

بەشداری پێکردنی بابەت

بابەتی پەیوەندیدار

سەرنجی تۆ چیە؟؟ ئیمۆجیەکان شاردنەوە